دیزاینێکی جوان مانایەکی تر بە بەرهەم و کاڵاکە دەبەخشێت ، ڕوواڵەت و ڕووکارێکی جوان و کاریگەر زیاتر سەرنج ڕادەکیشێت وەکو لە دیمەنێکی نا تەندروست لە دەرکەوتن دا ، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانا و لێهاتووی دیزاینەرەکە لە ئەنجامدانی کارەکە
گرافیک دیزاین
گرافیک دیزاین واتە هونەری پەیوەندییەکانی بینین کە دەرکەوتەی کار و هەوڵی کەسێکە کە پێی دەوترێ دیزاینەر کە بە پێێ توانا و لێهاتووی خۆی بتوانێ گونجاندن و ڕێکخستنێک بەرجەستە بکات
هاوپۆلەکانی گرافیک دیزاین
لە بواری دیزاین کردن دا رێچکە زۆرە بگیرێتە بەر کە هەر یەکە و کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە و جیاوازە لەوی تر
هەندێ لە هاوپۆلەکان
دیزاینی چاپەمەنی -
دیزاینی ناسنامە و ناسێنەرەی کۆمپانیاکان -
دیزاینی پاکێچ و گرافیکی بەرهەمەکان -
دیزاین کردن ڕووکار و دەرکەوتەی ماڵپەڕەکان -
دیزاین کردنی ئەپەکانی مۆبایل -
دیزاینی بانگەشەی تەلەڤزیۆنی -
دیزاینی سێ ڕەهەندی -
دیزاینی ستۆدیو و دیکۆری بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن -
ئەو ئاستانەی کە دیزاینەر پێیدا تێدەپەڕێت
دیزاینەر کۆمەڵێک ئاستی هەیە کە پێیدا وەکو پەیژە هەنگاو دەنێت
ئاستی سەرەتایی : یەکەم ئاستە لەو کاتەی کە کەسێک دێتە ناو بواری دیزاین کردنەوە و ڕێچکەکە دەگرێتەبەر
ئاستی ناوەندی : دیزاینەر لەم ئاستەدا نە لە سەرەتادایە و نە گەیشتۆتە پلەی پرۆفیشناڵی و لێهاتووی تەواوی دەست نەهیناوە
بێگومان ئەمەش پێویستی بە چەند ساڵێک لە کارکردن هەیە لەم بوارە و تاکو گەیشتن بەم پلەیە
دیزاینەری سەرەکی : لەم پلەیەدا دیزاینەر پلەیەکی باڵای هەیە و بەرپرسیاری گەورەی لە ئەستۆ دایە و چەندین ساڵ شارەزاییان هەیە و ئەرکی سەرەکییان لە ئەستۆدایە
بەڕێوبەری هونەری - داهێنەر : بەڕێوبەری هونەری جێبەجێکارە و بەرپرسیاری ئەندامانی گروپەکەیە و خاوەنی نوسینگەی خۆیەتی و ساڵانێک لە کارکردنی بەسەر بردوە و شارەزایی زۆری بەدەستهێناوە و لایەنی کەم ١٠ ساڵێک شارەزایی هەیە
چۆن دەبیتە گرافیک دیزاینەر؟
١- ڕێچکەیەک لە ڕێچکەکانی بوارەکە بگرە بەر ، پێش ئەوەی نازناوی دیزاینەر بەخۆت ببەخشی،سەرەتا یەکێک لە پۆلەکانی دیزاین بگرە و کاری بۆ بکە ،بۆ نمونە کاری دیزاینی چاپەمەنی یاخود دیزاینی سێ ڕەهەندی
٢- ئامراز و پێویستیەکانی دیزاین ، هەوڵبدە پرۆگرامە پێویستەکان دەستەبەر بکەیت ، بۆ وێنە ئەگەر ویستت کار لە سەر وێنە و تێکەڵ کردن و یاری کردن بە وێنە بکەی دەکرێ فۆتۆشۆپ هەڵبژێری بۆ ئەم مەبەستە ، وە بۆ کاری تەلەڤزیۆنی پریمەر و ئافتەر ئیفێکت وە بۆ کاری سێ ڕەهەندی پرۆگرامەکانی سریدی ماکس و سینەمافۆردی
٣- بەژداری کردن لە خولی فێربوونی کاری گرافیکی و دیزاین دا
٤- گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ دیزاینەران دا و کۆبونەوە لەگەڵیان بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان بەمەبەستی فراوانکردن و پرەوپێدانی زیاتر
٥- لە خۆفێرکردن مەوەستە و بەردەوام هەوڵبدە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ، هەوڵبدە داواکار توانا و لێهاتووی لە تۆدا ببینێت
٦- خوێندنەوەی کتێب و فێرکاری تایبەت بە دیزاین
٧- وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە لە هەر دیزاینێک کەبەرچاوت دەکەوێ لە گۆڤار و تیڤی و پۆستەر
٨- خۆت تەواو پێبگەیەنە لە دیزاین کردن دا ، تاوەکو دیزانەکانت بناسرێنەوە بێ ئەوەی واژووی تۆی لەسەر بێت بەهۆی کاریگەری و تایبەتمەندی و گونجاوییەوە ئاماژەت بۆ بکا
٩- دیزاینەکانت لە ناو مەبە ، ئەو کارانەی کە بە دڵت نین و لێیان ناڕازیت فرێیان مەدە و لەناویان مەبە ، چاویان لێبکە ئەوکات لە چ ئاستێک دابووی ئێستا لە چ ئاستێک دای ، هەڵەکانی ئەو کارە دیزاینیەت چیە
بەمەش سودمەند دەبیت و زیاتر هەنگاو دەنێیت بۆ باشتربوون و هەنگاونان بۆ ئاستەکانی پاشتر
١٠- دیزاینە جوان و قەشەنگەکان دووبارە دیزاین بکەرەوە ، بە دووبارە دیزاینکردنەوەی کاری دیزانەرانی تر خۆت پێش دەبەیت و شارەزایی زیاتر بەدەست دەهێنیت
١١- دروستکردنی پۆرتفۆیلۆ - گەلەری تایبەت بە خۆت ، بۆ خستنەڕووی کارەکانت و نیشاندانی بە کەسانی داواکار و کۆکردنەوەی نوێترین کارەکانت
بابەتی پەیوەندار - کۆمەڵێک ماڵپەڕ بۆ خستنەڕووی کاری دیزاینەران
پێگەی دەروازە
٢٠١٥ / ٦/ ٢٠
سۆران عبدالرحمن