JavaScript is not enabled!...Please enable javascript in your browser

جاڤا سکرپت کارا نیە! ... تکایە چالاکی بکە لەسەر وێبگەڕەکەت.

پەڕەی سەرەکی

کلیلی ژێر ئینجانەکەی دەرگای ڕێکخراوەکە

سۆران عبدالرحمن
قەبارەی نووسین
کات زوو تێپەڕدەبێ فریای ئەوە ناکەوین بسوڕێین و ئاوڕێک لە دواوە بدەینەوە
خێراتر لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە دوایین هەناسەمان هەڵدەمژین و دەدەینەوە

ماوەیەکی کورت بوو شارەکە رزگارکرابوو لە ژێر دەستی داگیرکاری و دەستی چەپەڵی ئەو 
ڕژێمەی کە دەیەها ساڵ خەڵکی چەوساندەوە و ماڵی وێرانکرد
و خەڵکی شار بەدەر کرد و لادێ و ناوچەکانی خاپور کرد

ساڵی ٢٠٠٤ بوو ، تەمەنم زۆر نەبوو لە دەوری ١٣-١٤ ساڵێک دەبووم
تەمەنی تازە پێگەیشتن ، حەزێکی زۆرم هەبوو بۆ فێربوون و گەڕان و زانینی شتی نوێ
یەکێک لەوانە حەزی فێربوونم بوو بۆ کۆمپیوتەر

سودفەی کرد ڕێکخراوێکی سێبەر هەڵدەستان بە کردنەوەی خولی فێرکاری کۆمپیوتەر
و هەندێ خولی تر
بەم جۆرە ڕەخسا بەژداری خولی کۆمپیوتەر بووم ، ماوەی خولەکە مانگێک بوو
بەهۆی نەبوونی کارەبا و نەهاتنی بەشێک لە ستافی ڕێکخراوەکە خولەکە درێژەی کێشا بۆ دوو مانگ
لەو ماوەیەدا عەسران دوای کاتی بانگ رۆژانە دەچوومە ڕێکخراوەکە
کە خانوویەکی بە کرێ گیراو بوو خانویەکی کۆن کە چەند ژوورێکی هەبوو،
وە سێ بۆ چوار کۆمپیوتەرێکی لێ بوو.
مامۆستاکەمان کچێکی تەمەن ناوەندی بوو ،کەمێک لە تەمەنی لاوی لای دابوو
زۆر جار وا ڕێک دەکەوت تەنها من و ئەو دەچووین ئەوانی تر گوێیان نادا و ئامادە نابوون
لەوێ بۆ دوو هەفتەیەک هاوڕێیەکم بوو لە تەمەنی خۆم ،زۆری نەبرد وتی ئیتر نایەمەوە
دەستی کرد بە کارکردن لای کەسێکی نزیکی خۆی

ئەو ڕۆژانە کەمێک سەخت بوون ، زۆر نەبوو شەڕ تەواو ببوو شارەکە ئازادکرابوو
جار و بار کاری تێکدەرانە و تەقینەوە و شت ڕوویدەدا
کە دەچووم بۆ خولەکە دوا نیوەڕوان ،دەرەوە زۆر چۆڵ بوو کەسێکت نابینی دوکانەکانی بازاڕەکە
چەند دانەیەکی دەکرانەوە و بەشێکی لە ماڵەوە پشوویان دەدا
دەمەو ئێوارە دەهاتن و دوکانەکانیان دەکردەوە

ئەو ماوەیە تێپەڕێ و ڕۆژانە کەس ئامادەی خولەکە نەبوو ،جار و بارێک کەسێک دوان دەردەکەوت
ڕۆژی کۆتایی هاتنی خولەکە ئامادەبوویەکی زۆر هەبوو ، جیا لە ڕۆژەکانی تر
بڕاوانامەیەکمان پێ بەخشراو و لە باخچەی ڕێکخراوەکە ئێوارەکەمان بەسەر برد
و وێنەی یادگاری و چالاکی خولەکە گیرا و دواتر لە ڕۆژنامەی زمانحاڵی ڕێکخراوەکە بڵاوکرایەوە
ئەفسوس نە وێنەکە و نە ڕۆژنامەکەم دەست نەکەوتەوە

شتێک کە زیادی بکەم ، ئەوەیە کە خولەکە شتێکی کرچ و کاڵ و زۆر سەرەتایی بوو
لەگەڵ ئەوەش دا بۆ من بووە سەرەتایەکی باش
کە ساڵێک دواتر بەژداری خولێکی تریشم کرد لە ڕێکخراوێکی تر

چەند یادگارێکی خۆشی ئەو کاتەم بیرە

یەکێ لەوانە ئەوەبوو کە کلیلی دەرگای ڕێکخراوەکە ، زۆر جار لە ژێر ئینجانەیەکی گوڵی بەر دەرگاکە دادەنرا
زۆر ڕۆژ من زووتر دەچووم چاوەڕوان دەبووم تا مامۆستاکە دەهات و دەرگاکەی دەکردەوە

یەکێ تر ئەوەبوو کۆمەڵێک کەسی باشم ناسی لەوانە مامۆستاکە و ئەو هاوڕێیەی زوو وازی هێنا و کەوتە کارکردن
و کچێکی تر کە زۆر باش بوو ماڵیان نزیکی ڕێکخراوەکە بوو ، هەندێ کێشەی خێزانی هەبوو
بەردەوام مامۆستاکەمان قسەی بۆ دەکرد

لە هەمووی سەیرتر دوا چەند ساڵێک بیستمەوە ڕێکخراوەکە کۆتایی بە کارەکانی هاتووە
بەهۆی گەندەڵی لێپرسراوانی یەوە ، ئیتر ئێستا هەواڵێک لێ نیە 
کە چالاکی ڕێکخراوەکە بەردەوامە یاخود لەو کاتەوە هەموو شتێک تەواو بووە
لەم یادگارەی من زیاتر نەبێ‌

گوڵدانی بەردەم دەرگای خانوویەک


سۆران عبدالرحمن 
٢١/١١/٢٠١٦
کلیلی ژێر ئینجانەکەی دەرگای ڕێکخراوەکە

Soran Abdulrahman

بۆچوون
دەتوانیت لە ڕێگەی هەژماری گووگڵ یان دانانی ئیمێڵی خۆت تێبینی و بۆچوونی خۆت بنووسیت
زیادکردنی بۆچوون
    الاسمبريد إلكترونيرسالة