JavaScript is not enabled!...Please enable javascript in your browser

جاڤا سکرپت کارا نیە! ... تکایە چالاکی بکە لەسەر وێبگەڕەکەت.

پەڕەی سەرەکی

پرسیارە گشتی و باوەکانی کاتی چاوپێکەوتنی کار

سۆران عبدالرحمن
قەبارەی نووسین
کۆمەڵێک پرسیاری سەرەکی کە لە کاتی چاوپێکەوتن کارمەندی بەشی سەرچاوە مرۆییەکان دەیپرسن

١- باسی خۆت بکە
لێرەدا هەوڵ بدە بە کورتی لە کەمتر دوو خولەک دا باسی گرنگترین شتەکان بکە، شارەزایی و ئەزموونت، ئەو کارانەی پێشتر ئەنجامت داوە، هەر کارێک کە هەست دەکەی کە نزیکت دەکاتەوە لەم هەڵی کارەی هەوڵی بۆ دەدەی.

٢- دوای 5 ساڵی تر بەکوێ دەگەی؟
لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە دەیانەوێ بزانن خواست و بیرکردنەوەت بۆ داهاتووت چۆنە، ئایا کەسێکی خەونی گەورەت هەیە، هەوڵ دەدەی بۆ داهاتووت، لە کارەکەت چەندە پێش دەکەوی.
بۆیە هەوڵ بدە وەڵامێکی گونجاو بدەی بە بینینت بۆ داهاتوو.

٣- ترست لە چی هەیە؟
لێرەدا هەوڵ دەدەرێ خاڵە لاوازەکانی کەسی خوازیاری کارەکە دیاری بکرێ، کە پرسیارێکی هەستیارە. بۆیە پێویستە ترسەکانت کەمبێت و زیاتر هەوڵیت بۆ گەشەپێدانی خۆت و ئەزمونی کارەکەت بێت.

٤- خاڵە بەهێزەکانت چین؟
پرسیارێکی گرنگە بۆ هەردوو لا، لێرە دەتوانی توانا و ئەزمون و هەموو خاڵە بەهێزەکانت دیاری بکەی کە پەیوەستە بە کارەکەوە،
توانای چارەسەرکردنی کێشە، گرنگیدان بە کات، ڕەفتاری باش، گرنگی دان بەو کارەی پێت دەسپێردرێ.

٥- بۆچی کاری پێشووت جێهێشت؟
ئەگەر پێشتر کارت کردبێ، ئەم پرسیارەت ئاراستە دەکرێ، بۆچی جێتهێشت!؟ هەمیشە لەیادت بێ، هەرگیز گلەیی و گازاندە لە بەڕێوبەری پێشوو، خاوەنکاری پێشوو مەکە.
ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە لە داهاتوو دا ئەگەر ئەم کارەش جێبهیڵی تۆ گلەیی دەکەی.

٦- بۆچی دەبێ تۆ وەربگیرێیت؟ بۆچی وەرتبگرین؟
بۆ وەڵامی ئەمە، تۆ کۆمەڵێک توانا و چالاکی و شارەزاییت هەیە کە دەتوانی ئەم کارە بکەیت و بەڕێوەی ببەی، وە تۆ توانای زیاترت هەیە لەوەی کە پێویستە بۆ ئەم کارە.

٧ - پێشیبینی چەند دەکەی وەکو موچە؟
پێویستە ئامادەکاری بکەی بۆ ئەم پرسیارە، باشترە بە ژمارە هیچ دیاری نەکەی، باشترین وەڵام ئەوەیە کە بڕێکی ناوەندی بڵیی موچەیەکی ناوەندی کۆمپانیاکە، کە ئەو کەسانەی هاوشێوەی تۆن و لە هەمان پلە و هەمان ئاستی تۆ وەریدەگرن.
ئەگەر کرا وەڵامەکە دوابخەی بۆ چاوپێکەوتنەکانی داهاتوو باشتر دەبێ، کاتێ کە ڕەزامەندی لەسەر کارکردنت درا لە کۆمپانیاکە.

٨- هیچ پرسیارێکت هەیە؟
زۆربەی وەڵامەکان "نەخێر" ـە، کە ئەمەش وەڵامێکی هەڵەیە، باشترە وا نیشان بدەی زانیارییت دەربارەی کۆمپانیاکە هەیە و پێشتر بەدواداچوونت کردوە بۆ کارەکە و کۆمپانیاکە، دەتوانی چەند پرسیارێک بکەی بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشتر زانیوتە دەربارەی کۆمپانیاکە.

٩- چ شارەزاییەکت هەیە لەم بوارەدا؟
ئەگەر یەکەمجارتە بۆ ئەم جۆرە کارە هەوڵدەدەی و دەتەوێ کاری تێدا بکەی، هەوڵ بدە ئەو شارەزایی و ئەزموون و توانایانە بخەڕوو کە هەتە و پەیوەندی بەم کارەوە هەیە.
ئەگەر پێشتر لە هەمان بوار کارتکردوە، ئەوا هەموو ئەو شارەزایی و چالاکیانە بخەرەڕوو کە پێشتر لە کارەکەت ئەنجامتداوە.

١٠- بۆچی دەتەوێ - حەزدەکەی لەگەل ئێمە کار بکەی؟
پێویستە وەلامێکی گونجاوت پێبێت بۆ ئەم پرسیارە، بەرامبەرەکەت دەیەوێ بزانێ زانیارییت چەندە دەربارەی شوێنی کارەکە و چەندە خۆت ئامادەکردوە، 
بێگومان هەموو کۆمپانیایەک - شوێنێک، خاڵی بەهێزی هەیە، بۆ نمونە کۆمپانیایەکی گەورەیە و ناودارە و باوەڕپێکراوە، کارکردن بەشێوەی گروپە بەرەو پێشت دەبات و گەیشتن بە ئامانجەکان و مەبەستەکان ئاسانتر دەبێ و کۆمپانیا پێشدەخا.

١١- لە ژێر فشاردا کارکردن و کاردانەوەت چۆن دەبێ؟
بۆ ئەمە پێویستە وەلامێکی ئەرێنیت هەبێ، کە تۆ دەتوانی لە ژێر هەر فشار و کەمی ماوە و زۆری ئەرکەکان دا بەسەر کارەکەدا زال دەبیت و بە باشی کارەکە ئەنجام دەدەی،
هەوڵ مەدە بیر لەوە بکەیتەوە کە تۆ توانای کارکردنت نیە لە ژێر فشار دا،بەمە کارەکە لەدەست دەدەی.

١٢ - ئەو جۆرە کەسانە کامانەن کارکردنت لەگەڵیان دا قورسە؟
لێرە وەڵامەکەت بۆ بەرامبەر گرنگ نیە کە چ جۆرێک، بەڵکو ڕەفتارت چۆن دەبێ بەرامبەر هاوڕێکانی کار، لە هەموو دۆخەکان، ئەو کەسانەی حەز دەکەی کاریان لەگەڵ بکەیت و ئەوانەشی بە کارکردن لەگەڵیان ناڕەحەتی.

دەکرێ وەڵامێکی زانستی کار و فەلسەفییت هەبێ، بەوەی؛ حەز بە کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانە ناکەی کە کردنی بە کار نادەن و نرخی کارکردن نازانن، و لەبەرامبەردا پێویستە هەموو بەیەکەوە کاربکەین و بە هاوبەشی کارکردن کارەکان ئاسانتر دەبێ و ئەوەی داواکراوە زووتر دەستی دەخەین.


Interview questions - AlfbeTech

....................................................................
* سەرچاوە مرۆییەکان - الموارد البشرية - Human Resources


سۆران عبدالرحمن
١٧/٦/٢٠١٨
پرسیارە  گشتی و باوەکانی کاتی چاوپێکەوتنی کار

Soran Abdulrahman

بۆچوون
دەتوانیت لە ڕێگەی هەژماری گووگڵ یان دانانی ئیمێڵی خۆت تێبینی و بۆچوونی خۆت بنووسیت
زیادکردنی بۆچوون
    الاسمبريد إلكترونيرسالة