لە ساڵی ٢٠١٢ جوتیارانی وڵاتی کینیا دەیانناڵاند بەدەستی کێشەیەکی سەیرەوە بەڵام بەڕێگەیەکی زیرەکانە توانیان بەسەریدا زاڵ بن.
جوتیارانی کینیا گیرۆدەی دەستی هەڵۆ و باڵندە گۆشتخۆرەکان بوون دەهاتن جوجکەی مریشکەکانیان دەکردە نێچیر. ئەمە وایکردبوو جوتیاران و بەخێوکەرانی پەلەوەر زیانی گەورەیان بەربکەوێ هەر کە جوجکەکان لە هێلکە دەتروکان دەبونە ژەمەخۆراکی هەڵۆ و بازەکان. تاکە چارە ئەوەبوو کە جوجکەکان لەناو کۆلیتی داخراو بهێڵنەوە و پارێزگارییان لێ بکەن، کە ئەمەش تێچوو وە کاتی دەویست.
ڕۆژێک یەکێک لە جوتیارەکان جوجکەکانی ڕەنگکردن بە بۆیەی مۆر، بەوهیوایەی بەم ڕێگەیە باڵندە گۆشتخۆرەکان سەریان لێ بشێوێت و جوجکەکان نەبینن،
هەڵبەتە هەروا دەرچوو، دوای ئەوەی جوجکەکانی ڕەنگکرد، چیتر نەبوونە نێچیر باڵندە برسییەکان، هۆکارەکەش ڕەنگە مۆرەکەبوو کە باڵندەکان سەریان لێشوا و چیتر نەیانزانی کە جوجکن.
جوتیارەکان دەگێڕنەوە کە ڕاهاتوون ببینن هەڵۆکان لە نزیک جوجکەکان دەفڕن و بێ ئەوەی بیانکەنە نێچیر و ڕاویان بکەن بەڵکو لە هەوڵدان بۆ گەڕان لە نێچیری تر.
ڕەنگکردنی جوجکەکان نمونەیەکی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە کە بە کەمترین تێچوو جوتیارەکان توانیان هەوڵ و ماندوبونیان بپارێزن، نمونەی پاراستن و دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ بازرگانیی، ڕەنگە کێشە و بەربەستە گەورەکان بە گۆڕانکارییەکی بچوک چارەسەربن.
ئەم بەسەرهاتە ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان و بەدەستهێنانی پێویستە وردتر مامەڵە بکەین، هەروەک چۆن هەڵۆکان بەهۆی گۆڕانکارییەکی بچوک ئامانجەکەیان لەدەستدا و پێویستیان بە وردبینی زیاتر و دۆزینەوەی ڕیگەی ترە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان!
سۆران عبدالرحمن
٩/٥/٢٠٢٠