JavaScript is not enabled!...Please enable javascript in your browser

جاڤا سکرپت کارا نیە! ... تکایە چالاکی بکە لەسەر وێبگەڕەکەت.

پەڕەی سەرەکی

گفتوگۆیەک لەگەڵ ئاسۆ نادری

سۆران عبدالرحمن
قەبارەی نووسین

ئاسۆ نادری ناوێکی دیاری و کەسێکی بەرچاو و بەتوانای وێبی کوردی و پێشخەری وێب ، کە ماوەیەکی زۆرە هەرلە سەرەتای بەرفراوان بوونی وێب و پێگە و ماڵپەڕە کوردی یەکان دا دەرکەوت و هەڵگری پەیامێک ، کە هەمووان بەیەکەوە دەتوانین باشتر بکەین و هەر لە سایەی ئەم پەیامەدا بەردەوام بە سینگ فراوانی  هاوکاری هەمووان بووە و لە ڕێگەی مەکۆکانەوە زۆرترین خزمەتی بە وێبی کردوە
حەزم کرد جۆرێک لە گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجام بدەم ، خۆشحاڵانە ئەویش پەسەندی کرد و هەندێ پرسیارم ئاراستەی کرد


گەر دەکرێ خۆت بناسێنی ، ئاسۆ نادری کێێە؟ چی خوێندوە و شارەزایی چییە؟ تاکو خوێنەری گفتوگۆکە زیاتر بزانێ

وەڵام: کەسێکی سادە و لە هەمووی گرینگتر کوردم، تەکنەلۆژیای زانیاریی بەشێکی زۆری ژیانمە، ئاواتم ئەوەیە ئێمەش وەک بەکارهێنەری کورد بە زمانی خۆمان بتوانین لە ئەو بوارەدا بە پێی پێویست پێشبکەوین و پێشبخەین
خوێندکار و دەرچووی بواری گشتیی تەکنەلۆژیای زانیارییمInformatics ، هەرچەند خوێندن و فێربوون بە تایبەت لە بواری ئای‌تی پرۆسەیەکی بەردەوام و بێ کۆتاییە.

ئێستا سەرقاڵی چیی و هەنگاوەکانت بەرەو کوێن لە دونیای تەکنەلۆژیایی زانیاری دا؟

وەڵام: ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵێک گۆڕانکارییم ئامادە کردووە بۆ وێبچن و پەرەپێدانی، بەداخەوە بە هۆکاری هەندێک بواری تایبەت بە ژیانی تاکەکەسیمەوە لەگەڵ هەر یەکێک لە ئەو هەوڵانەدا هەموو کات شتێکی دیکە هاتووەتە پێش کە جێبەجێکردن و چالاک کردنیانی دواخستوە
وێبچن پرۆژەی سەرەکیمە و کاری بەردەوامی دەوێت، هەرچەند لە ساڵ و کاتەکانی ڕابردوودا زۆر ڕووی نەداوە بە هۆکاری ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا
لە بواری ئای‌تیدا هەروەها لەگەڵ هەندێک لایەنی نێوخۆ لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی پێشنیاردان و بەرنامەڕێژییم هەیە کە ئەوەش پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ باشتر کردن/ درووست داڕشتنی ئەو پرۆژانەی کە جێبەجێ دەکرێن 
بەداخەوە کات ڕێگە نادات بۆ کاری زۆرتر، هەرچەند پرۆژەی و بیرۆکە زۆرن بۆ جێبەجێ کردن



لە چ بوارێکی تەکنەلۆژیادا شارەزاییت هەیە و دەستت بۆ بردوە زیاتر هەر لە پێشخستنی وێب و وێبدارێژی دا تاخود لە لایەنەیکانی تریش؟

وەڵام: لە کاری ئاسایی ڕۆژانەم لە بوارێکی دیکەدا بۆ کۆمپانیایەکی ئای‌تی گەورە کار دەکەم کە لەگەڵ ڕۆڵی وێبداڕێژیدا جیاوازی هەیە. بەداخەوە بە هۆکاری نهێنی کارەوە ناتوانم ناوی کۆمپانیا بنووسم، بەڵام لە کارەکەم بە شێوەیەکی ڕۆژانە هاوکاری پێشنیاریی کۆمپانیا و تاکەکەس دەکەین هەروەها هاوکاریان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە تەکنیکیانەی بە شێوەیەکی ئاسایی چارەسەر نابن. کارەکە پەیوەندی هاردوێر ـەوە هەیە


دەکرێ باسێکی کورتی مەکۆکانی وێبچن بکەی؟ پلانی دواتر و بەردەوامی ئەم پرۆژەیە چیە؟

وەڵام: هەموو مەبەست لە بوونی وێبچن ئەوەیە کە وێبێکی باشتری کوردی پێکبهێنێت، بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین تا ئێستا بە شێوەیەکی باش لە ئەو بوارەدا ڕۆڵی هەبووە.
لە سەرەتای دامەزراندنی وێبچن، وێبی کوردی زۆر لاواز بوو، نوێ بوو، هەروەها زمانی کوردی لەسەر وێب لاواز بوو، بەڵام وێبی ئەمڕۆ جیاوازیی هەیە و  تەکنەلۆژیای وێبداڕشتن بە شێوەیەکی گشتیی پێشکەوتنی بە خۆوە بینیووە
ماڵپەڕی کوردی ئەمڕۆ بێگومان زۆر لە ماڵپەڕەکانی ساڵانی پێشوودا باشترن، هەرچەند لە هەمان کاتدا زۆرێک لە ئەو ماڵپەڕە گەورە کوردییانە لە بواری تەکنیکی و پەیڕەوی لە یاسای درووستی وێبداڕشتن ناکەن کە ئەمڕۆ هەمان گرینگیی هەیە کە ناوەڕۆکی ماڵپەڕێک هەیەتی.
بیرۆکە زۆرە بۆ چۆنیەتی پەرەپێدانی وێبچن، بەڵام ئاواتی سەرەکیی ئەوەیە لە داهاتووش دا یەکەمین سەرچاوەی کوردی بێت لە بواری وێبداڕشتن و وێبداڕێژان بتوانن وەک تا ئێستا توانیویانە وەک سەرچاوەیەکی ڕۆژانە پشتیان پێ بەستووە، لە داهاتووش بە هەمان شێوە پشتی پێ ببەستن و بەشێک بن لە پەرەپێدانی.
ئەوەش نابێت لە بیر بکەین کە لە تەمەنی وێبچن دا کۆمەڵێک هاوڕێ لە ئەو پرۆسەدا ڕۆڵیان هەبووە و هەیە کە لە خۆیدا پاڵپشتێکی گرینگە بۆ بەردەوامبوونی وێبچن

پێتوایە ئامانجی خۆی پێکاوە؟ ئاشکرایە کە وێبچن سودی بە زۆر گەنجی تازەی نێو دونیای وێبدارێژی بینیوە؟

وەڵام: دەتوانم بڵێم بە شێوەیەکی زۆر باش ئامانجی خۆی پێکاوە، بەڵام بێگومان ئەوەی تا ئێستا جێبەجێ کراوە هەموو شتێک نییە و دەکرێت کاری باشتر و زۆرتر بکرێت

وەکو ئاگادار بم  بەژداربووی وەکو گەشەپێدەرێکی ماڵپەڕ  ، لە پرۆژەیەک کە بریتی بوو  لە دابینکردنی کارتێکی ئەلیکترۆنی کە لە رێگەیەوە سودی لێ دەبینرێ بۆ کڕین و فرۆشتن لە نێت دا؟ 

وەڵام: وایە، ئەو بیرۆکەیە لە ڕاستیدا کۆن بوو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩ دا هەوڵ درا کە ئەو پرۆژەیە لە نێو خۆی کوردستانەوە بە هاوکاری یەکێک لە بانکەکان جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی سوودی بەربڵاوتری هەبێت، بەڵام بە هۆی دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق پرۆژەکە بێ ئەنجام  بوو.
لە کۆتاییدا، لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەو بانکەی کە لە وڵاتی سوید پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبوو کارەکەمان وەک پرۆژەیەکی ئەلەکترۆنی جێبەجێ کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئایا ئێستا داواکاری بەکارهێنان لە ئاستێکدایە کە دووبارە لەگەڵ بانکەکەی کوردستان تاوتوێ بکرێتەوە. هەرچەند من ئێستا لە ئەو کارە وەدەرم و لە داهاتووی ئاگادار نیم، بەڵام هیوادارم بتوانن لە نێوخۆ کارەکە جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی بۆ بەکارهێنەران ئاسانتر بێت بۆ وەدەست هێنانی کارتەکان و هەروەها لە نزیکەوە هاوکاری بەکارهێنەران بکرێت ئەگەر هەر کێشەیەکیان هەبوو.


لە نێو بەکارهێنەرانی کورد دا ، لە دوای بەرفراوان بوونی بەکارهێنانی فەیسبووکـ ، خوێنەری ماڵپەڕ کەم بووە ، وە لە پێشتریش بەکاربەری مەکۆکان زۆر کەم بووە و ئەوەی تێیدا سەرکەتوو بووە وێبچن بووە تۆ بۆچونت چیە؟

وەڵام: من بۆ خۆم بەکارهێنەری هیچ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نیم، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانم کە شوێنێکی وەک فەیسبووک بووەتە ئامرازێک بۆ زۆر کەسانێک کە بۆ کاروباری ڕۆژانەی ئینتەرنێتیی خۆیان ڕووی تێبکەن. بەداخەوە بە بڕوای من تەنیا ڕوو کردن لە فەیسبووک بۆ وەرگرتنی زانیاریی کارێکی هەڵەیە و ناهەقییە لە بەرانبەر ئەو سەرچاوانەی کە زانیاری بە نرخ بڵاو دەکەنەوە چوونکە فەیسبووک سەرچاوەی زانیاریی نییە.
تایبەتمەندییەکی وێبچن ئەوە بووە و هەیە، کە تەنیا لە بواری تەکنەلۆژیای زانیارییدا چالاکە، ئەوەش وادەکات کە بەکارهێنەری خۆی هەیە و دەبێت لە داهاتوودا، چوونکە ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەیەکی وەک وێبچن هەن، ورد و تایبەتن کە بەکارهێنەرانی هەمووکات دەگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی.


ماڵپەڕ و پێگە کوردییەکان چۆن دەبینی وەکو  وێبدارێژەرێک و هەم وەکو کەسێکی بە ئەزمون کە یەکێ لە پەیامەکانت " وێبێکی کوردی باشتر "ـە ؟

وەڵام: ماڵپەڕی کوردی چالاک و بە زانیاریی کە بەکارهێنەری کورد بتوانێت ڕووی تێبکات، کەمن، ماڵپەڕ زۆرن بەڵام هەموویان دووبارەن و هەر هەمان زانیاریی بڵاو دەکەنەوە لە نێوان خۆیاندا.
هەستی بەرهەم هێنان نییە لە نێو ماڵپەڕە کوردییەکان کە بەداخەوە لە ئەنجامدا یەکێک لە ئەو هۆکارانەیە کە بەکارهێنەران ڕوو لە شوێنەکانی وەک فەیسبووک دەکەن.
لە بواری تەکنیکیی وێبداڕشتن دا ماڵپەڕە باشەکان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن. بۆ خۆم ساڵی ڕابردوو هەر وەک لێکۆڵینەوەیەک سەردانی ئەو ماڵپەڕە کوردییانەم کرد کە ڕۆژانە بەشێکی زۆر بەکارهێنەری کورد ڕوویان تێدەکات، پێم خۆش بوو بزانم لە بواری تەکنیکیدا لە چ ئاستێکدان، بەداخەوە بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە گەشبین نەبووم، چوونکە تا ئەمڕۆش لە نێو گەورەترین ماڵپەڕە کوردییەکان پەیڕەوی درووست لە ڕاسپاردەکانی وێبداڕشتن ناکرێت.
لە هەمان کاتدا و لە مەکۆکانی وێبچن ـەوە دەبینم کە وێبداڕێژی باشمان هەیە و لە نووسینی کۆدەکانیان دەزانن، تەنیا پێشنیارم ئەوەیە گرینگی زۆرتر بدەن بە لایەنی درووست داڕشتن و نووسینی کۆدەکان بۆ پێکهێنانی وێبێکی کوردی باشتر لەسەر بنەمای درووست.

پرۆژە ئێستا و پلانی داهاتووت چیە؟

یەکەم شت دەبێت هەندێک بەش کە بۆ وێبچن داڕێژراون چالاک بکرێن، ئەو بەشانە گرینگیی یەکەمن
پرۆژەیەک کە پێم خۆشە ئەمساڵ بیگەینمە ئەنجام پەیوەندی بە بواری فرۆشتنەوە هەیە لەسەر وێب کە ئێستا تەنیا لە قۆناغی داڕشتنی بنەماکانیم و پرۆژەیەکی هەندێک کاتبەر دەبێت


لە کۆتایی دا دەمەوێ زۆر سوپاست بکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنت بۆ بخوازم ، سوپاس بۆ ئەو کاتەی کە پێت دام 

.زۆر سووپاس بۆ ئێوەش و هیوادارم بە هەموومانەوە درێغی نەکەین لە پێکهێنانی وێبێکی کوردی باشتر




سۆران عبدالرحمن - دەروازە
٤ ی مارچی ٢٠١٥

گفتوگۆیەک لەگەڵ ئاسۆ نادری

Soran Abdulrahman

بۆچوون
الاسمبريد إلكترونيرسالة