A- ئاسایی A+

١٨ پرسیاری کاتی چاوپێکەوتنی کار کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی ژیرانەیە.

سەرکەوتن لە چاوپێکەوتنی کار تەنها بەستراوەتەوە بەوەی چەندە ئامادەکاریت کردووە. لێرەدا ١٨ پرسیاری بنچینەیی و وردمان بۆ ئامادە کردوون لەگەڵ وەڵامی نموونەیی بۆ هەر یەکێکیان:


١. ناساندن و کەسایەتی

١. باسی خۆت بکە.

نموونە: "من گەشەپێدەری وێبم لەگەڵ سێ ساڵ ئەزموون، تایبەتمەندم لە بواری دیزاینی ڕووکار و چاککردنی کێشە تەکنیکییەکان. لە کارەکەمدا زۆر وردم و هەمیشە هەوڵ دەدەم نوێترین تەکنەلۆژیا بەکاربهێنم."

٢. خاڵی لاواز و خاڵی بەهێزت چین؟

نموونە: "خاڵی بەهێزم توانای چارەسەرکردنی کێشەیە لە کاتی فشاردا. خاڵی لاوازیشم ئەوە بوو کە زۆر تەرکیزم دەخستە سەر وردەکاری بچووک، بەڵام ئێستا فێربووم چۆن کاتەکانم بە باشی ڕێکبخەم."

٣. کەسایەتی خۆت بە سێ وشە دیاری بکە.

نموونە: "دڵسۆز، فێرخواز، و ڕێکخراو."

٤. بە چ کەسایەتییەک سەرسامییت و بۆچی؟

نموونە: "سەرسامم بە ستیڤ جۆبس، چونکە توانی داهێنان بکات و شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا بگۆڕێت."

٥. پەیام و ئامانجت چییە لە ژیاندا؟

نموونە: "ئامانجم ئەوەیە ببمە شارەزایەکی پێشەنگ لە بوارەکەمدا و بتوانم پڕۆژەیەک دروست بکەم کە خزمەت بە کۆمەڵگاکەم بکات."

٦. گەورەترین ترس چییە لە ژیانتدا؟

نموونە: "ترسی من ئەوەیە کە کاتەکانم بەفیڕۆ بدەم بەبێ ئەوەی شتێکی نوێ فێر ببم، بۆیە هەمیشە هەوڵی پێشکەوتن دەدەم."

٢. ئەزموونی کار و مامەڵەکردن

٧. بۆچی کاری پێشووت جێهێشت؟

نموونە: "بەدوای دەرفەتێکی گەورەتردا دەگەڕێم بۆ ئەوەی تواناکانم لە ژینگەیەکی نوێدا تاقی بکەمەوە و زیاتر گەشە بکەم."

٨. چ شتێک بێزاری دەکردی لە کاری پێشووت؟

نموونە: "هیچ شتێکی کەسی نەبوو، بەڵام هەستم دەکرد شێوازی کارکردنەکە کەمێک دووبارە بووەوە و دەمویست ڕووبەڕووی تەحەدای نوێ ببمەوە."

٩. بۆچوونت چییە بەرانبەر بەڕێوبەری کاری پێشووت؟

نموونە: "کەسێکی زۆر پیشەیی بوو، زۆر شتی لێ فێربووم دەربارەی سەرکردایەتی و چۆنیەتی ڕێکخستنی تیم."

١٠. چۆن کۆنتڕۆڵی خۆت دەکەی ئەگەر توڕە بوویت؟

نموونە: "هەوڵ دەدەم هەناسەیەکی قووڵ هەڵبکێشم و بۆ چەند چرکەیەک بێدەنگ بم تاوەکو بە هێمنی بیر بکەمەوە و وەڵامێکی لۆژیکی بدەمەوە."

٣. لێهاتوویی و زانیاری

١١. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم کارە چییە؟

نموونە: "چونکە مێژووی کۆمپانیاکەتان و پڕۆژەکانتان زۆر سەرنجڕاکێشن، و پێم وایە دەتوانم سوودێکی زۆر بەم پۆستە بگەیەنم."

١٢. چی دەربارەی کۆمپانیاکەمان دەزانی؟

نموونە: "دەزانم کە ئێوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستتان پێکردووە و یەکێکن لە پێشەنگەکانی بواری خزمەتگوزاری دارایی لە ناوچەکەدا."

١٣. تایبەتمەندییەکانی کۆمپانیای سەرکەوتوو چییە؟

نموونە: "ڕێزگرتن لە کارمەند، هەبوونی ئامانجی ڕوون، و دابینکردنی خزمەتگوزاری کوالیتی بەرز بۆ کڕیاران."

١٤. بەهێزترین تواناکانت چین؟

نموونە: "توانای شیکردنەوەی داتا، کارکردنی بەکۆمەڵ (Teamwork)، و خێرا فێربوونی سیستمە نوێیەکان."

١٥. لەگەڵ تەکنەڵۆژیادا چۆنیت؟

نموونە: "زۆر باشم، هەمیشە هەوڵ دەدەم فێری بەرنامە نوێیەکان ببم کە کارەکانم ئاسانتر و خێراتر دەکەن."

٤. ئامانجی کۆتایی

١٦. بۆچی پێویست دەکا تۆ وەربگیرێت؟

نموونە: "چونکە من تەنها کار ناکەم، بەڵکو هەوڵ دەدەم داهێنان بکەم و هەمیشە بەدوای چارەسەری باشتردا دەگەڕێم بۆ کۆمپانیا."

١٧. دەتوانی چی بۆ کۆمپانیا بکەی کە کەسێکی تر نایتوانێ؟

نموونە: "من تێکەڵەیەکم لە ئەزموونی تەکنیکی و لێهاتوویی پەیوەندیگرتن، کە وادەکات بتوانم کێشە ئاڵۆزەکان بە شێوەیەکی ئاسان بۆ تیمەکە ڕوون بکەمەوە."

١٨. چۆن خۆت دەبینیتەوە دوای پێنج ساڵی تر؟

نموونە: "خۆم وەک بەڕێوبەری بەشێک یان شارەزایەکی سەرەکی لەم کۆمپانیایەدا دەبینمەوە کە توانیومە کاریگەرییەکی ئەرێنی گەورە دروست بکەم."

ئامۆژگاری زێڕین

متمانەبەخۆبوون و ڕاستگۆیی نیوەی سەرکەوتنە لە چاوپێکەوتندا. پێش ڕۆیشتن بۆ هەر شوێنێک، بە باشی دەربارەی کار و ئامانجەکانی ئەو کۆمپانیایە بخوێنەرەوە تاوەکو نیشانی بدەیت کە تۆ کەسێکی بەپەرۆشیت.

#چاوپێکەوتن #پرسیارەکانی_چاوپێکەوتن #پرسیاری_ژیریی #دونیای_کار #سەرچاوە_مرۆییەکان #کۆمپانیا #دەرفەتی_کار #کارگێری #دەروازە

سۆران عبدالرحمن
٥/٤/٢٠٢٠

کۆمێنتەکان:

إرسال تعليق