بۆ ئەوەی سیڤییەکەت گونجاوبێت و ئەگەر بەدەستهێنانی کارت بۆ زیاتر بکا، و دووربێت لە ڕەتکردنەوە، ڕەچاوی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکە لە کاتی نوسینی دا
١- ڕاستگۆیی لە نوسینی زانیاریی تایبەتی، پێویستە بە دروستی ناو و ناونیشان و هۆکارەکانی پەیوەندی پێوەکردن بنوسی، و توانا و ئەزموونت وەکو خۆی بنوسی و زیادەڕۆیی نەکرێ لە دانانی هەندێ توانا و زانیاریی کە لە توانات بەدەرە، ئەمە یارمەتیدەر نابێت لە دەستخستنی کارەکە و ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو دەرفەتەی بۆت دەڕەخسێ.
پێشنیارکراو بۆ تۆ: ١٨ پرسیاری کاتی چاوپێکەوتنی کار کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی ژیرانەیە
٢- شێوازی ڕێکخستنی سیڤییەکە، پێویستە شێوازێکی ڕێکوپێک و سادە بێت سیڤییەکەت و گرنگی بە خاوێنی بدەی لە کاتی چاپکردن و خستنە زەرفی تایبەتی لە کاتی پێشکەشکردنی دەستیی بۆ هەر جێگایەک، وە پێوانەی کاغەزی A4 بەکاربهێنیت
٣- ژمارەی پەڕەکانی سیڤییەکەت لەبەرچاو بێ، هەوڵبدە تەواوی زانیارییەکانت لە ٢ پەڕەدا کۆبکەیتەوە و بە کورتی و بە پوختی گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بە دەرفەتی کارەکەوە بخەرە ڕوو.
٤- هەوڵ بدە تەواوی خاڵە پێویست و داواکراوەکانی دەرفەتی کارەکە بناسی و دیاری بکەی، تاوەکو بەشێوەیەکی بەرچاو توانا و ئەو ئەزمونەی هەتە و گونجاوە لەگەڵ داواکارییەکان بخەیتەڕوو بەشێوەیەک کە بەرچاو بێت بۆ خاوەن کار.
٥- بۆ هەر دەرفەتێکی کار، سیڤی تایبەت دروست بکە، هەر جۆرە کارێک کۆمەڵێک داواکاری و تایبەتمەندی هەیە، پێویستە لە سیڤییەکە ئەو توانایانە نیشان بدەی کە لەگەڵ داواکارییەکە یەکدەگرێتەوە و لەهەمان بوار دایە.
٦- هەوڵ بدە هاوسەنگی بپارێزە لە کاتی نوسینی ئەزموونی کار کە پێشتر ئەنجامت داوە، بۆ نمونە ناکرێ بنوسی کە لەهەمان کات و بەروار دا دوو کارت ئەنجام بداوە لە کاتێک دا لە توانای کەس دانەبێ ئەو دوو کارە بەیەکەوە ئەنجام بدرێ و مەحاڵ بێ، ئەمە بەزیان بۆت دەگەڕیتەوە.
٧- لە کاتی نوسینی سیڤی دا، چەند جارێک پێیدا بچۆرە و ە هەوڵبدە دووربێت لە هەڵەی ئیملایی- ڕێنووسیی، بە تایبەتی وشەی عەرەبی و ئینگلیزی.
٨- دەکرێ لە کۆتایی دا، بە دێرێک ئەو هۆکارە بنوسی کە وادەکات تۆ کەسی شیاو بیت بۆ ئەم کارە.
٩- هەوڵبدە سیڤییەکەت سادە و ساکار بێت، و دوور بێ لە بەکارهینانی زۆرترین ڕەنگ و چوارچێوە و فۆنتی نەگونجاو و خشتەی زۆر.
١٠- پێویستە بەردەوام سیڤییەکەت نوێ بکەیتەوە، گۆڕینی بەروارەکانی کارکردن و زیادکردنی ئەو بڕوانامە و خول و کارانەی کە ئەنجامتداوە و زیادکردنی توانا و لێهاتوویە نوێیەکانت.
ئەمەش بخوێنەوە: بیرۆکەی کار کە پێویستی بە سەرمایەیەکی کەم هەیە
سۆران عبدالرحمن | ئەلفبێ تیک
١٤/٧/٢٠٢٠