JavaScript is not enabled!...Please enable javascript in your browser

جاڤا سکرپت کارا نیە! ... تکایە چالاکی بکە لەسەر وێبگەڕەکەت.

پەڕەی سەرەکی

چۆنیەتی فرۆشتنی کەلوپەل لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە

سۆران عبدالرحمن
قەبارەی نووسین

 فرۆشتنی کەلوپەل بە ئۆنڵاین -  کارکردنی سەرهێڵ

لەگەڵ بڵاوبونەوە و فراوانبوونی ئینتەرنێت، زۆرێک کار و چالاکی و شێوازی کلاسیکی تەمەنیان بەرەو کورتی دەچێ، لە دونیای ئەمڕۆ دا دەکرێ مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕەکان زۆر ئاسانتر و خێراتر ئەنجام بدرێ لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە. لەم بابەتەدا باسی چۆنیەتی دەستکردن بە پرۆژەی فرۆشتن دەکەین لە ڕێگەی ئۆنڵاین - سەرهێڵ.


چۆن دەستپێ بکەم؟
پێش هەموو شتێک پێویست بزانی تۆ دەتەوێ چی بفرۆشی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە یاخود سەرهێڵەوە. بۆئەوەی بزانی دەتەوێ چی بفرۆشیت، سەرەتا دەبێت بزانیت دەکرێ چی بفرۆشیت و جۆرەکان چین.

لە هەر کردەیەکی بازرگانی دا، مامەڵە بە یەکێک لەمانەی خوارەوە دەکرێ:
١- بەرهەم و کەلوپەل
٢- خزمەتگوزاریی
٣- ڕاوێژکاریی
هەر یەکە لەم سێ جۆرەی کە پۆلێنمان کرد [ڕاوێژگاری دەکرێ لەژێر هاوپۆلی خزمەتگوزاریی دا دابنرێ] جیاوازن و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. کە لێرەدا زۆر بە سادەیی باسیان دەکەین، لەگەڵ ڕوونکردنەوە بە نمونەوە؛

بەرهەم:
تۆ لە ماڵەوە دەتوانی کێک و شیرینی دروست بکەی، ئەمە بەرهەمێکە و دەتوانی بازرگانی پێوە بکەی و لە بازاڕ دا ئاڵوگۆڕی پێوە بکەی لەگەڵ کەلوپەلێکی تر کە بەهای هەیە، بۆ نمونە دەیفرۆشی و پارە لەبەرانبەری وەردەگریت.
[هەندێ نمونەی تر: پێگەیاندن و گەشەپێکردنی گوڵ و درەخت، کاری چنین، هەویرکاری، دروستکردنی خواردن، جلوبەرگ، دیاریی،  دیزاین و گرافیک، ...]

خزمەتگوزاریی:
 ئەگەر توانای ڕێکخستن و سازدانی ئاهەنگی لەدایکبوون یاخود مارەبڕینت هەبێ ئەوا تۆ خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەیت، یاخود کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کەلوپەل خزمەتگوزاریی گواستنەوە ئەنجام دەدات.[هەندێ نمونە: خزمەتگوزاریی پاککردنەوەی ماڵ و دامەزراوەکان، بڕینی تکتی فرۆکە، خزمەتگوزاری ڕێکخستنی گەشت، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بۆنە، ...]

هەروەها خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی:
سەبارەت بە ڕاوێژکاریی، دەکرێ ڕاوێژکاریی بواری یاسایی بێت یاخود ڕاوێژکاری هونەری، ڕاوێژکاری دارایی و بەڕێوەبردن یارمەتی کەسێک یاخود کۆمپانیایەک بدەی باشتر کارەکانی ئەنجام بدات.

بگەرێینەوە سەر باسی فرۆشتی بەرهەم لە ئینتەرنێت دا، ئێستا کە بەرچاوت ڕوونە دەتەوێ بەرهەم و کاڵایەک بفرۆشیت، چەند پرسیارێکت دێتە پێش  [پێویستە دانەیەکیان بژاردەی تۆ بێت]،  لە ژێر هەر یەکەیان بە کورتی باسیان دەکەم.

١- بەرهەمی ئامادەکراوی خۆت دەفرۆشی؟
خۆت بەرهەمێک ئامادە دەکەیت، بۆ نمونە: بەرهەمی شیرینی و هەویرکاری، کاری چنین، جلوبەرگ،...هتد

٢- بەرهەمی دروستکراوی کەسانی تر دەفرۆشیتەوە؟
بۆ نمونە کەسێک توانای هەیە کێک ئامادە بکات، تۆش بۆی دەفرۆشیتەوە و ریژەیەکی دەستهاتوەکە بۆ تۆ دەبێت.

٣- بە کۆمەڵ کەلوپەل دەکڕی بە نرخی کۆ و پاشان دەیفرۆشیتەوە؟
خۆت لە ریگەی بازرگانێک، دوکانێکەوە کۆمەڵێک کەلوپەل دەکڕیت و لە ئینتەرنێت دا دەیفرۆشیتەوە، یاخود لە ماڵپەڕەکانی وەکو: علی بابا، علی ئیکسپرێس، ئەمازۆن، ترێندیۆڵ کۆمەڵێک بەرهەم دەکڕیت و پاشان دەیفرۆشیتەوە

٤- وەکو نوێنەری فرۆش - مەندوب، بەرهەم و کاڵا بۆ خەڵکی دەفرۆشیت؟
خەڵکێک بەرهمەیان هەیە و دەیفرۆشن، بۆ نمونە کۆمپانیایەک کاری فرۆشتنی کەلوپەل دەکات لە ئۆنڵاین، تۆ لەگەڵی رێکدەکەوی و شتەکانی ئەو دەفرۆشی یان خەڵکی بۆ ڕادەکێشی، کە فرۆشرا ڕێژەیەکی لە سودەکەی بۆ تۆ دەبێت.

هەڵبژاردە و خواستی تۆ هەر یەکێک لەوانەی سەرەوە بوو، بە جیاوازییەکی کەم هەمان ڕێچکە دەگریتەبەر بۆ کاری فرۆشتن.

با وا دابنێین، تۆ کەسێکی خاوەن بەهرەی لە دروستکردن و دیزاینکردنی جلوبەرگ، کۆمەڵێک جلوبەرگت دیزاینکردوە و دەتەوێ سودێک لە تواناکەت ببینی و بیانفرۆشیت.

ئامادەکاری بۆ فرۆشتنی بەرهەم و چۆنیەتی فرۆشتنی

دوای ئەوەی کە بڕیارت دا بەرهەم بفرۆشیت و کاڵایەکت لەژێر دەستدایە کە داواکاری کڕیاری لەسەر بێت، ئێستا چەند هەنگاوێک هەیە کە پێویستە جێبەجیی بکەیت بۆ ئەنجامدانی یەکەم فرۆشتن.

یەکەم: ئامادەکردنی بەرهەمەکە
ئەو بەرهەمەی ئامادەت کردوە، پێویستە بە گرنگیپێدانی تەواوەوە دروستی بکەیت کە بۆ کڕیارە، ئەگەر بکرێ چەند وێنەیەکی بگری لە گۆشەی جیاواز و بە کوالێتییەکی باش کە دواتر نیشانی کڕیاری بدەی یاخود لە شوێنێک بانگەشەی بۆ بکەی، دەکرێ سود لە کاغەزی دیاری یاخود نایلۆنی تایبەت ببینی بۆ ئامادەکردن و پێچانەوەی کاتێک دەیدەیتە کڕیارەکەت.

دووەم: دانانی نرخ
هەموو مادە و تەنێک بەهایەکی خۆیە هەیە لەم زەوییە، بەهەمان شێوە بەرهەمەکەی تۆ نرخێکی دیاریکراوی هەیە، دەتوانی چاو بگێڕیت و بەرهەمە هاوشیوەکان ببینیەوە و نرخەکانیان بزانی، وە ئەو تێچووی ئەو پێکهاتانەی تۆ بەکارت هێناوە لە کارەکەت، لە دەرئەنجام دەگەیتە نرخێک کە بە فرۆشتنەوەی بەرهەمەکەت، تێچووەکەت بۆ بگەڕێتەوە لەگەڵ بڕێک دەستمایە و قازانج، بازاڕ شوێنێکی ڕکابەرانەیە و پێویست دەکا نرخدانانەکەی تۆش لاسەنگ نەبێ.

سێیەم: دۆزینەوەی کڕیار
دوای ئەوەی بەرهەمەکەت ئامادەبوو، کۆمەڵێک ڕێگا هەیە کە بەرهەمەکەت نمایش بکەی تاکو خەڵکی بیبینن و داوای بکەن،
چەندەها ئەپی مۆبایل و ماڵپەڕی کڕین و فرۆشتن هەیە، دەتوانی لەوێ بەرهەمەکانت نمایش بکەیت و نرخی بۆ دیاری بکەی، دەتوانی سود لە گروپەکانی فەیسبووک ببینی کە تایبەتن بە کڕین و فرۆشتن و گروپی هاوشێوە، دەکرێ سود لە پەیجە گەورەکان ببینی و داوایان لێ بکەی بە برێک پارە ڕیکلام بۆ بەرهەمەکەت بکەن، یاخود خۆت ئەگەر پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت (لە ئێستادا باوترینیان فەیسبووک، ئینستاگرام، تیک-تۆک و سناپچاتە کە بەکارهینەری زۆرە) هەیە دەتوانی لەوێ کاڵا و بەرهەمەکانت نمایش بکەیت  بۆ فرۆشتن.

سەرباری ئەو ڕێگایانە دەتوانی بەرهەمەکانت بدەی بە دوکانێک یاخود لە ناو بازارێک دابنێی و بۆت بفرۆشنەوە و ڕیژەیەک لە دەستهاتوو بۆ خاوەن دووکانەکە دەبێت، یاخود بە نرخی کۆ دەیفرۆشیتە خاوەن دوکان.


چوارەم: گواستنەوەی داواکراو بۆ کڕیار
بژاردە زۆرە، ئەگەر خۆت نەتوانی بیگەیەنی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی، دەکرێ لەگەڵ تەکسییەک ڕێکبکەوی بەپێی گەیاندن، یاخود لەگەڵ کۆمپانیای تایبەت بە کاری گواستنەوە، کە ئێستا کۆمەڵێک کۆمپانیا کاری گواستنەوەی کەلوپەل دەکەن لە نێوان هەموو شارەکان.
 وەکو وتمان ئەگەر کەلوپەل و بەرهەمی خۆت بێت، هەمان شتە ئەگەر بەرهەم و شتی کەسێکی تر بفرۆشیتەوە کە لە ناوخۆ بێت،


دەتوانین خاڵی پێنجەم بە بژاردەیی بهێڵینەوە کە دەکەوێتە سەر جۆری مامەڵەکە، لە کاتی فرۆشتی کاری دیزاین و نەخش و هەندێ خزمەتگوزاری تر دەتواندرێ سود لە گواستنەوەی پارە ئەنجام بدرێ کە لە ئێستادا چەندین کۆمپانیا هەیە جزدان و هەژماری ئەلیکترۆنی دەکەیتەوە هەر لە ڕێگەی مۆبایلەکەتەوە دەتوانی پارە بنێری و وەربگری و پارە بخەیتە سەر هەژمارەکەت.


ئەگەر بتەوێ لە دەرەوەی وڵات و لە ماڵپەرە جیهانییەکان شت بکڕی و پاشان بیفرۆشیتەوە ئەوە چەند هەنگاوێکی ترت پێویستە.

کڕینی کاڵا و بەرهەم لە دەرەوەی وڵات و لە ماڵپەڕە جیهانییەکان!؟
بۆ ئەوەی لە ماڵپەڕە جیهانییەکان شت بکڕی، پێویستت بە شێوازی پارەدانی سەرهێڵە، ئەگەر ڤیزاکارد یاخود ماستەرکارد هەبێ دەتوانی ڕاستەوخۆ پارەکە بدەی، ئەگەر نا  پێویستە لەگەڵ کۆمپانیایەک ڕێکبکەوی کە کاری کڕین و گواستنەوەکەت بۆ ئەنجام بدەن.
 سەبارەت بە شێوازی هێنانەوەی کەلوپەل لە دەرەوەی وڵات، هەندێ ماڵپەڕ لەوانە "عەلی ئێکسپرێسیAliExpress " چینی، هەندێک لەو کۆمپانیایانەی شتی تێدا دەفرۆشن بە خۆڕایی شتەکان دەنێرنەوە کە ماوەی ٤٠ -٦٠ ڕۆژی پێ دەچێت ئەمە بۆ کڕین بە نرخی تاک.
وە بۆ کڕین بە نرخی کۆ و بە بڕی زۆر، دەتوانی سود لە ماڵپەڕی تر ببینی بۆ نمونە عەلی بابا کە بەهەمان شێوە دەستەخوشکی عەلی ئێکسپرێسە، بەڵام لەڕێگەی ئەمیانەوە دەتوانی بڕی زۆر بکڕیت و ڕاستەوخۆ دانوستانی نرخ و بڕ بکەیت لەگەڵ کۆمپانیاکان، وە  پێویستت دەبێ لەگەڵ کۆمپانیایەک ڕێک بکەوی کرداری گواستنەوەکەت بۆ بکات، کە لە ئێستا دا چەندین کۆمپانیا هەن کە کاری گواستنەوەی کەلوپەل دەکەن و کرداری کڕین و پارەدانەکەش ئەنجام دەدەن.


تا ئەم شوینە ڕەنگە بەرچاوت ڕوونتر بێت و بتوانی بڕیاری خۆت بدەی کە چۆن دەست بکەی بە پڕۆژەی فرۆشتنی سەرهێڵ. ڕەنگە ئەم بابەتە بەشێوەیەکی گشتی بێت و پێویستی بە کۆمەڵێک ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی لایەنی تر بێت، لە بابەتەکانی داهاتوو دا بەپێی دەرفەت جێگەیان بۆ دەکرێتەوە.
چۆنیەتی فرۆشتنی کەلوپەل لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە - ئاستی سەرەتایی


 سۆران عبدالرحمن  |  ئەلفبێ تیک - دەستپێشخەری کار
١١/٨/٢٠٢٠

Selling Online پرۆژەی فرۆشتنی سەرهێڵ


الاسمبريد إلكترونيرسالة